بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆن پیرۆزبایی سەرکەوتنی بەرێوەچونی هەڵبژاردن دەکات و دەڵێت: پرۆسەیەکی دەنگدانی پابەند بە بنەماکانی دیموکراسی بە شێوەیەکی رێک و پێک بەرێوەچوو.

ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە پەیامێکدا رایگەیاند، پیرۆزبایی سەرکەوتن لە لایەنە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن دەکات، دەستخۆشی لە هاووڵاتیانی شاری سلێمانی و هەموو ئەو لایەنانە دەکات کە سەرەڕای کۆبونەوەی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان لە وێستگەو بنکەکانی دەنگدان، لەگەڵ هەبوونی چەند گرفتێکی کەمی تەکنیکی و هونەری، تەواوی پرۆسەی دەنگدان بەسەرکەوتویی و بەبێ هیچ روداوێکی نەخوازراو ئەنجام دران.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرباری هۆشیاری و دڵسۆزی هاووڵاتیانی شارەکە، هێزە ئەمنییەکان دەزگای ئاسایش و پۆلیس، بەرگری فریاکەوتن، بەرگری شارستانی، پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەرین و گەرمیان ، بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، بەرێوەبەرایەتی فرۆکەوانی سلێمانی، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و تەواوی کارمەندانی رۆژی دەنگدان، بەوپەڕی دڵسۆزییەوە وەکو یەک تیم لەگەڵ کارمەندانی کۆمسیۆن کاریان کردووە، رێگەیان نەدا روداوی نەخوازراو رەوشی بەرێوەچونی پرۆسەی دەنگدان گرفتی بۆ دروست ببێت و  پرۆسەکە تێک بدات.

ئامانج عەزیز ئەوەشی خستەڕوو، جارێکیتر پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی نوێنەرانی عیراق، لەهەموو کوردێک دەکات، هاوکات پشت بە خوای گەورە و کەسانی دڵسۆز ئەو پلانە یاسای و کارگێری و هونەری و ئەمنییەی، کە دانرابوو لە هەردوو رۆژی دەنگدانی تایبەتی و گشتی بەتەواوی جێبەجێ کرا،هەروەها پرۆسەیەکی دەنگدانی پابەند بە بنەماکانی دیموکراسی بە شێوەیەکی رێک و پێک بەرێوەچوو.