قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ زیاد بەتارسە، کونسوڵی گشتیی نوێی ئۆردن، رایگەیاند کە دەبێت کاری لەپێشینەی حکومەتی داهاتووی عیراق و هەرێمی کوردستان، چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکانی نێوان هەردوولا بێت.


لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە، 17/11/2025، بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوەچوو و هیوای خواست حکومەتی نوێی عیراق بە زووترین کات پێکبهێنرێت.


بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ باسکردن لە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان کوردستان و ئۆردن. هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە ئەو پەیوەندییانە لە بوارەکانی بازرگانی، کلتوری، پەروەردە و خوێندنی باڵادا پەرەی زیاتریان پێبدرێت.

لەم چوارچێوەیەدا، ئاماژە بە دامەزراندنی "کۆمیسیۆni فیلمی کوردستان" کرا و بە رۆڵێکی گرنگ وەسفکرا بۆ ئەوەی وەک پردێکی پەیوەندیی بەهێز لەنێوان هەرێم و ئۆردندا کار بکات.