سەرپەشتیاری کەرکوک سەڵاحەدینی یەکێتی دەڵێت: لەم هەڵبژاردنەدا یەکێتی ژمارەی کورسییەکانی لە کەرکوک زیادی کردووە و ژمارەی دەنگەکانیشی رووی لە هەڵکشان کردووە.

ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا لە ساڵی 2021 یەکێتیی 3 کورسی بەدەستهێنا، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەی کورسییەکانی بۆ 4 کورسی بەرزبوونەوە، هەروەها بەراورد بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش لەم هەڵبژاردنەدا یەکێتیی نزیکەی 30 هەزار دەنگ زیادی کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەش سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ هاووڵاتییان و جەماوەرەکەیدا راستگۆ بووە و بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ کردووە.

ئاسۆ مامەند راشیگەیاند، تەئکید دەکەینەوە ئێمە لە خزمەتکردنی کەرکوک و پاراستنی خەڵکەکەی بەردەوام دەبین و هیچ هۆکارێک رامان ناوەستێنیت، تا دوا هەناسەمان خزمەتیان دەکەین و دڵنیایان دەکەینەوە؛ کەرکوک دەکەینە کەرکوکێکی گەشەسەندووی نمونەیی و روحی رەوانشاد سەروک مام جەلال ئاسودە دەکەین.