کۆمیسیۆن: یەکێتی لە سلێمانی 240 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە
محەمەد رزگار
١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی راگەیاند و بەپێی ئەنجامەکان رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لە ٪56.11 بووە.
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی راگەیاند و ئاشکرایکرد، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی 240 هەزار 899 دەنگی بە دەستهێناوە و توانیویەتی 8 کورسی بەدەستبهێنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتی لە هەولێر 97 هەزار و 301 دەنگی بەدەستهێناوە و سێ کورسی مسۆگەر کرد.
ئەوەشی خستەڕوو، یەکێتی لە کەرکوک بە 178هەزار 629 دەنگ یەکەمی سەر ئاستی پارێزگاکەیە و خاوەنی 4 کورسییە.
کۆمیسیۆن راشیگەیاند، یەکێتی لە نەینەوا بە لیستی یەکێتی خەڵكی نەینەوا 56،346 دەنگی بەدەستهێناوە و توانی 2 کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەدەستبهێنێت.
هەر بەپێی ئەنجامەکانی کۆمیسیۆن تاکە کاندیدەکەی یەکێتی لە سەڵاحەدین کورسییەکی پارێزگاکەی مسۆگەر کردووە.



