سبەینێ لە کەرکوک پشووی رەسمییە
سام
١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
قەڵای کەرکوک
سبەینێ لە کەرکوک پشووی رەسمییە و پارێزگاری شارەکەش دەڵێت، "بڕیارەکە بۆ رێزگرتنە لە هەوڵی فەرمانبەران و کارمەندانی پەروەردەیی".
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند: ئیدارەی پارێزگای کەرکوك بڕیاریداوە سبەینێ پێنجشەممە، دەوامی رەسمی لە سەرجەم فەرمانگە حکومییەکان و قوتابخانەکانی پارێزگاکەدا رابگرێت.
رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوكیش سەبارەت بە بڕیارەکە دەڵێت، "بڕیارەکە بۆ رێزگرتنە لە هەوڵی فەرمانبەران و کارمەندانی پەروەردەیی، كە بەوپەڕی دڵسۆزی و لەخۆبردوییەوە کاریان کرد بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن".
ئەمە لەکاتێکدایە کە رۆژی رابردوو 11ـی 11ـی 2025، هەڵبژاردنی گشتیی بۆ خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەنجامدرا، کە لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 210 هەزار و 658 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو.
لە پرۆسەکەدا بەکۆی گشتی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتی زیاتر لە 21 ملیۆن و 400 هەزر کەس مافی دەنگدانیان هەبوو؛ هەشت هەزار و 703 بنکە و 39 هەزار و 285 وێستگە لە تەواوی عیراق و هەرێم ئامادەکرابوون بۆ پرۆسەکە.
هەروەها جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقیش رایگەیاند، "هەڵبژاردنەکە زۆر بە سەرکەوتووانە بەڕێوەچووە".



