قوباد تاڵەبانی بە بۆنەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن پیرۆزبایی لە هەموو عیراقییەکان و خەڵکی هەرێم دەکات و دەڵێت: یەکێتی ئەم متمانەیەی خەڵکی کوردستان بەکاردەهێنێت بۆ بەهێزترکردنی پێگەی کورد لە عیراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد.

قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، سەرکەوتنی هەموو خەڵکی عیراق و هەرێمی کوردستانە، بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە هەموو عیراقییەکان و بە تایبەتیش لە هاووڵاتییانی کوردستان دەکەم.

ئاماژەی بەوەشکرد، سوپاسی ئەو بەشدارییە بەرچاوەی خەڵکی کوردستان دەکەم، سوپاس و پیرۆزباییەکی تایبەتیش بۆ هەموو دەنگدەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بە دەنگەکانیان سەنگ و پێگەی یەکێتییان لە کوردستان و عێراقدا بەهێزتر کرد. دەنگدەران و جەماوەری یەکێتی و خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە یەکێتی لە ئاستی ئەو متمانە گەورەیەدا دەبێت و بە هەموو توانایەوە کار دەکات بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی.

قوباد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، یەکێتی ئەم متمانەیەی خەڵکی کوردستان بەکاردەهێنێت بۆ بەهێزترکردنی پێگەی کورد لە عیراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد و شەڕیش لەسەر هەموو مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان دەکەین.