بەپێی ئەنجامە بەراییەکان ژمارەی دەنگەکانی یەکێتی 355 هەزار دەنگی تێپەڕاندووە
محەمەد رزگار
١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تا ئێستا لە دەنگدانی گشتیدا زیاتر لە 355 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە و دەنگەکانی لە سلێمانی بەرێژەی ٪77 زیادیکردووە.
لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سەركەوتنی یەكێتی سەركەوتنێكی فرە رەهەندە و جارێكیتر توانیمان بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو دەنگەكانی یەكێتی 77.4%ی زیادیكردووە.
وتیشی، لە سلێمانی و كەركوك یەکێتی یەکەمە و لەهەولێریش لە پلەی دووەمدا.
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان یەکێتی لە سلێمانی 195 هەزار و 203 دەنگی بەدەستهێناوە، لە کەرکوکیش دەنگەکانی یەکێتی 84 هەزار دەنگی تێپەڕاندووە.
هاوکات لە هەولێر پلەی دووەمی بەدەستهێناوە و لە هەڵەبجەش لە پلەی یەکەمدا دێت، هەر بەپیی ئەنجامە بەراییەکان تائێستا لە هەولێر سێ کورسی مسۆگەر کردووە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، پارتی لە سلێمانی لە پلەی پێنجەمدا دێت کەمتر لە 47 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە.
هەروەها یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگای دیالە 29175 دەنگی بەدەستهێناوە و پلەی یەکەمی لیستە کوردیەکانە.



