بافڵ تاڵەبانی: هیوادارم سەردەمێکی نوێ لە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و عیراق بێتە کایەوە
محەمەد رزگار
١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
بافڵ جەلال تاڵەبانی بەبۆنەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: هیوادارم دوای بەڕێوەچوونی ئەم هەڵبژاردنە سەردەمێکی نوێ لە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و عیراق بێتە کایەوە.
دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان....
پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و عیراق دەکەم و سوپاسیان دەکەم بەهۆی بەشدارییان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا.
سوپاسێکی تایبەتی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق و تەواوی هێزە ئەمنییەکان دەکەم کە ڕۆڵی خۆیان بە باشترین شێوە جێبەجێکرد و پرۆسەکەیان سەرخست.
داوا لە تەواوی ئەو نوێنەرانە دەکەم کە متمانەی دەنگدەران بەدەستدەهێنن داکۆکی لەسەر مافی هاوڵاتییانی تەواوی ناوچەکان بکەن.
هیوادارم دوای بەڕێوەچوونی ئەم هەڵبژاردنە سەردەمێکی نوێ لە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و عیراق بێتە کایەوە و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەری بنەڕەتی کێشەکان بکرێت.



