قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە محەمەد ئەلحەسان، نوێنه‌رى تايبه‌تى سكرتێرى گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان له‌ عیراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی عیراق و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە (10/11/2025) لە هەولێر بەڕێوەچوو، هەردوولا هیوایان خواست رۆژی سێ شەمە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە دۆخێکی ئارام و بە شێوەیەکی رێکوپێک بەڕێوەبچێت و هاووڵاتیانی عیراق و هەرێمی کوردستان بە رێژەیەکی بەرچاو بەشداری بکەن و چارەنووسی چوار ساڵی داهاتووی پرۆسەی سیاسی عیراق دیاری بکەن.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە گرنگیی ئەم هەڵبژاردنە کرد بۆ پەیوەندییەکانی چوار ساڵی داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان و رایگەیاند، هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەیانەوێت کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد لەسەر بنەمای دەستور بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت، لەم چوارچێوەیەدا بەپێویستی زانی ئەولەوییەتی هەردوو حکومەتی داهاتووی عیراق و هەرێم چارەسەرکردنی کێشەکان و بە تایبەتیش کێشەی بودجە و موچە بێت.