ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی وەڵامی باڵێکی پارتی دەداتەوە و دەڵێت: فازل میرانی لە وەڵامەکانیدا مێژووی شێواند و پارتی لە رابردوودا چەندینجار لەگەڵ حکومەتی عیراق رێککەوتووە.

شاڵاو عەلی عەسکەری ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی پانۆرامای کوردسات نیوز رایگەیاند، بۆ وەڵامدانەوە رۆڵێک بە فازل میرانی سپێردرابوو، کە لە وەڵامەکانیدا مێژووی شێواند و بەشێوەیەکی خراپ باسی ئەو کەسانەی دەکرد کە کۆچی دوایین کردووە، دەبوایە فازل میرانی ئەو رۆڵە قبوڵ نەکات کە لەلایەن باڵێکی پارتییەوە پێسپێردرابوو، چونکە ئەو جۆرە وەڵامدانەوە زۆر ناڕەوا و پڕ زیادەڕۆیی بوو.

وتیشی، لە قسەکانیدا فازل میرانی وتی باڵی مەکتەبی سیاسی ساڵی 1964 لەگەڵ حکومەتی عیراق رێککەوتووە، بەڵام لەو ساڵەدا مەلا مستەفای بارزانی بوو کە لەگەڵ حکومەتی عەبدول سەلام عارف رێککەوت و باڵی مەکتەبی سیاسی بە زەبری سوپا و ئۆتۆمبێل و چەکی حکومەتی عیراق لە ماوەتەوە  ئاوارەی ئێران کران.

شاڵاو عەلی عەسکەری ئاماژەی بەوەشکرد، پارتی پێشتر چەندینجار لەگەڵ حکومەتی عیراق رێککەوتووە، هەروەها چەندین حاڵەتی لە شۆرش و مێژوودا دروستکرد، وەک کارەساتی هەکاری و شەهیدکردنی چەندین کەس و تەنانەت براکانی خۆشیان بە کوشدا لە بەغداد، بۆیە مێژوو شاهیدە و هەموو کەس دەیزانێت لە رابردوودا چی رویداوە، بۆیە پێویست ناکات مێژوو بشێوێندرێت.

راشیگەیاند، هەر کاتێک کورد پێویستی بە یەکڕیزی بووبێت پارتی کارێکی کردووە یەکڕیزی تێک بدات و نارێکی بخاتە نێوان لایەنەکان، بۆیە داواکارم چیتر ئەو جۆرە قسەکردن و لێداوانانە نەدرێت و یەکڕیزی نێوان کورد تێکنەدرێت.