سەعدی ئەحمەد پیرە پێشوازیکرد لە شاندێکی سۆسیال دیموکراتی سوید
٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
سەعدی ئەحمەد پیرە، لە هەولێر پێشوازی لە شاندێکی سۆسیال دیموکراتی سوید کرد و لە دیدارەکەدا، گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندی دێرینی هەردوو حزبەکە کرد و تیشکیان خستە سەر ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە ئامادەبوونی شۆڕش قادر کادری پێشکەتووی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە شاری هەولێر پێشوازی لە شاندێکی سۆسیال دیموکراتی سوید کرد، کە پێکهاتبوون لە تۆرگنی لارسۆن سەرۆکی ئەنجومەنی هەرێمی ئۆربرۆی سویدی، کارینا ئۆسکارسۆن سکرتێری سۆسیال دیموکراتی ئۆربرۆ، ئیلین لیەن لێپرسراوی پەیوەندییەکانی سۆسیال دیموکراتی ئۆربرۆ و سباستیان لیمیلیۆس ئەندامی مەڵبەندی ئۆربروی سۆسیال دیموکراتی سوید.
سەرەتا سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بە پەیوەندی دێرینی نێوان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی سۆسیال دیموکراتی سویدی وەک دوو هێزی هەڵگری بیر و باوەڕی سۆسیال دیموکرات کرد کە ساڵەهایە لەسەر بنەمای هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەردوولا بنیاتنراوە، هەروەها سوپاسی ئەو تیمەشیکرد کە ئێستا لە هەرێمی کوردستانن بۆ درێژەدان بەو زنجیرە راهێنان و ووڕک شۆپە رۆشنبیرییانەی کە بۆ کادیرانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئەنجامی دەدەن .
لە دیدارەکەدا هەردوولا تیشکیان خستە سەر ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کە بڕیارە لە ١١/١١ بەرێوەبچێت و شاندی میوان ئامادەیی خۆیان بۆهەماهەنگی و هاوکاری سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن دەربڕی، هیواشیان خواست رۆژانی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن بە هێمنی و ئارامی تێبپەڕێت.



