سەڵاحەدین دەمیرتاش پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوایەکیش لە ئەردۆغان و باخچەلی و ئۆجەلان دەکات
بڵند
٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
سەڵاحەدین دەمیرتاش لەسەر پرۆسەی ئاشتی پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوا لە سەرکردە باڵاکان دەکات واز لە هەنگاوی کۆنکرێتی بۆ پرۆسەی ئاشتی نەهێنن و بە پەرلەمانتارانی وڵاتەکەشی دەڵێت؛ ساڵانێکە گەنجەکانمان چوونەتە شاخ و بەداخەوە ژمارەیەکیان بە گیانی خۆیان باجەکەیان دا، بچنە دورگەی ئیمراڵی و کۆتایی بەم ململانێیە بهێنن.
ئەمڕۆ شەممە، سەلاحەدین دەمیرتاش، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت؛ وەک برا و سیاسەتمەدارێک لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە پەیوەندیدا دەبێت بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی، داواش لە ئەردۆغان، باخچەلی سەرۆکی مەهەپە و ئۆجەلان رێبەری دامەزرێنەری پەکەکە دەکات وازنەهێنن و 86 ملیۆن کەس بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی ئاشتین.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەوانەی لە شاخن و دەیانەوێت چەکەکانیان دابنێن، دەیانەوێت عەبدوڵا ئۆجەلانی رێبەریان ببینن و دڵنیابن لەوەی گەڕانەوە بۆ سیاسەت دەکرێت روبدات، دەیانەوێت بزانن دەوڵەت دڵسۆز و جدییە لەم بابەتەدا بۆ ئەوەی بەتەواوەتی چەکەکانیان دابنێن.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا رویکردوەتە پەرلەمانتارانی وڵاتەکەی و دەڵێت؛ ساڵانێکە گەنجەکان دەچنە شاخ و بەداخەوە هەندێکیان بە گیان و خوێنی خۆیان باجەکەیان دا. ئێستا کە دەرفەتێک رەخساوە بۆ ئەوەی بە یەکجارەکی کۆتایی بەم ململانێیە بهێنن، تکایە هەوڵێکی بچوک بدەن و بچنە دوورگەی ئیمرالی بۆ کۆتاییهێنان بەم بابەتە.
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا نوسیویەتی؛ با هەموومان بوێرانە مامەڵە بکەین، هەموو هەوڵێک بدەین و نەهێڵین ئەم دەرفەتە مێژوویە لەدەست بچێت.
سەڵاحەدین دەمیرتاش لە رۆژی 4ـی کانوونی یەکەمی 2016 دەستبەسەرکرا و نزیکەی نۆ ساڵە لە زیندانە و پرسی ئازادکردنیشی رۆژەڤی میدیا ناوخۆیی و جیهانییەکانە، لە چەند رۆژی رابردوشدا، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆمار رایگەیاند؛ دادگا هەر بڕیارێک بدات لەسەر سەڵاحەدین دەمیرتاش پێیوەی پابەند دەبن.



