پۆلیسی هەڵەبجە: سێ کەس بە تۆمەتی دزینی ماتۆڕسکیل لە فێستیڤاڵی هەنار دەستگیرکران
راهۆز
٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند، سێ تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە لە رۆژانی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجەدا دوو ماتۆڕسکیلیان دزیبوو.
بەشی راگەیاندنی پۆلیسی هەڵەبجە لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ شەممە، 8ی تشرینی دووەمی 2025 بڵاویکردەوە، ئاشکرایکرد، دوای ئەوەی دوو هاووڵاتی سکاڵایان تۆمارکردبوو لەسەر دزینی ماتۆڕسکیلەکانیان لەناو شاری هەڵەبجە، دەستبەجێ مەفرەزەکانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کرد.
لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا، توانرا سێ تۆمەتبار بەناوەکانی (م. د. ئ) تەمەن 16ساڵ، (هـ. هـ. ئ) تەمەن 16 ساڵ، و (ی. س. خ) تەمەن 17 ساڵ، کە دانیشتووی دەرەوەی سنووری پارێزگای هەڵەبجەن، بە بڕیاری دادوەر دەستگیربکرێن.
پۆلیسی هەڵەبجە راشیگەیاندووە، تۆمەتباران لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و لە ئێستادا بەپێی مادەی 446 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراون.



