قوباد تاڵەبانی: تەنها مونافیسی یەکێتی هەر خۆیەتی
محەمەد رزگار
٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
قوباد تاڵەبانی دەڵێت: ئەم یەکێتییەی ئێستا هەمان ئەو یەکێتییەیە کە خەڵک ئومێدی پێیەتی و دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات.
قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ هەڤاڵانی پێشمەرگە و خانەنشینانی پێشمەرگە و پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکانی سنووری راپەڕین رایگەیاند، دەرگای ماڵە گەورەکەی یەکێتی هەمیشە کراوەیە بەڕووی یەکێتییە زویربووەکان، هەم ئەوان بەشێکن لە یەکێتی و هەم یەکێتی بەشێکە لە مێژوو و شوناسی ئەوان.
ئاماژەی بەوەشکرد، داوام لێکردن بە هەمان روحی یەکێتییانە و پێشمەرگانەوە لەم ماوەیەدا یەکێتییە زویربووەکان ئاشت بکەنەوە و هانی خەڵک بدەن بۆ دەنگدان بە یەکێتی، چونکە ئەم یەکێتییەی ئێستا هەمان ئەو یەکێتییەیە هەمیشە داوایان کردووە و ئەو یەکێتییەیە کە خەڵک ئومێدی پێیەتی و دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات.
راشیگەیاند، یەکێتی هەم خاوەنی مێژوویەکی جوان و درەوشاوەیە و هەم توانای قەناعەت پێهێنانی هەیە، بۆیە تەنها مونافیسی یەکێتی هەر خۆیەتی و هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن چاوی لە سەرکەوتنی گەورەترە. ئەمجارەش بە دڵنیاییەوە بەو پێشمەرگە و تێکۆشەر و جەماوەرە دڵسۆزەوە سەرکەوتنی زۆر گەورە بەدەست دەهێنین.



