ئەمڕۆ، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لە گەڕەکی رەحیماوای شاری کەرکوک، پەردەی لەسەر مۆنۆمێنتی شەهید رەفیق ساڵح سەعید لادا و مۆمی وەفاداری و رێزی بۆ رۆحی پاکی داگیرساند.

لە وتەیەکیدا لە میانی رێوڕەسمەکەدا، خاتوو شاناز رایگەیاند، زۆر زەحمەتە بۆ ئێمەی کورد ئەو هەموو زوڵم و ستەمەی لە سایەی رژێمی پێشوودا چەشتوومانە لەبیرمان بچێتەوە و مانەوەمان پێکەوە، وەک مام دەیفەرموو، چەپکە گوڵەکە بوو، چونکە بە رق و کینە هیچ شتێک بونیادنانرێت.

وتیشی: دەبێت دەست لەناو دەستی یەکتر بین و کارێک بکەین کە هیچ کەسێک ئەم دیواربەند و مۆنۆمێنتە لەبیر نەکات.

داواشی لە کەرکوکییەکان و پێکهاتە جیاوازەکانیش کرد، کە ئەوانیش بەشێک لەو ئازارەیان چەشتووە، پێکەوە کار بکەن، دووپاتیشی کردەوە کە پێویستە ئاوڕێکی جددی لە ئازارەکانی رابردوو بدەینەوە و بە دڵێکی فراوانەوە دەست بخەینەوە ناو دەستی یەک بۆ خزمەتی زیاتری کەرکوک و کەرکوکییەکان.

لە درێژەی قسەکانیدا، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد داوای لە کادیرانی یەکێتی کرد هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ سەرخستنی لیستی یەکێتی، لەپێناو ئەوەی مژدەیەک بدەین بە مام و دادە کە یەکێتی سەرکەوتنی مەزنی لە کەرکوک بەدەستهێناوە.

جێگەی ئاماژەیە، ئەو مۆنۆمێنتەی لە گەڕەکی رەحیماوا پەردەی لەسەر لادرا، لە هەمان ئەو شوێنە دروستکراوە کە شەهید رەفیق ساڵح سەعید لەسەردەمی رژێمی لەناوچوودا، بەبەرچاوی باوکییەوە گولـلەباران کرا و شەهید بوو.