لە کەرکوک پەردە لەسەر پەیکەری سەرۆک مام جەلال لادرا
٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
لە رێوڕەسمێکی شایستەدا لەشاری کەرکوک، بە ئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق، باڵیۆز محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، و رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک، پارک و باخچەی مام جەلال کرایەوە و تێیدا پەردە لەسەر پەیکەری سەرۆک مام جەلال لەشارەکەدا لادرا.
لەو رێوڕەسمەدا، کە ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جەماوەرێکی بەرچاو لە چین و توێژەکان و هاووڵاتییانی شاری کەرکوک لە کورد و عەرەب و تورکمان و پێکهاتەکانی تری شارەکە ئامادەی بوون، تیشک خرایەسەر مێژووی پرشنگدار و روانگەی سەرۆک مام جەلال بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان و خزمەت، وەک رەمزێکی نیشتمانی و سەمامی ئەمانی عیراقییەکان.
هەروەها، ئەوەش خرایەڕوو کە ئەم ڕێوڕەسمە، نیشانەی وەفاداری و بەخشینە، و یادکردنەوەیەکی هەمیشەیی ئەو سەرکردەیەیە کە ژیانی خۆی لە پێناوی نیشتمانەکەیدا بەخت کرد. بە تایبەت جەخت کرایەوە سەر گرنگیی کەرکوک لە دیدگا ڕوونەکەی سەرۆک مام جەلالدا بۆ هاندانی برایەتی و پێکەوەژیان لە شارەکەدا.
دواتر، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، هاوڕێ لەگەڵ جەماوەری ئامادەبوو، بەرەو سەکۆی بڵندی لادانی پەردە لەسەر پەیکەری سەرۆک مام جەلال کەوتنەڕێ و دواتر بەلادانی پەردەکە پەیکەری سەرۆک مام جەلال، شکۆی نەتەوە و نیشتمان، بەڕووی کەرکوکدا کردەوە.



