لێپرسراوێكی باڵای پارتی دانبەوەدا دەنێت، کە حزبەكەی بەبێ یەكێتی توانای پێكهێنانی حكومەتی نییە و دەشڵێت، جێگرەوەی یەكێتی هەر یەكێتییە.

فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، پارتی ناتوانێت بەبێ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان حكومەت پێكبهێنێت، ناشكرێت تەنها وەك ژمارەی كورسی مامەڵە لەگەڵ یەكێتی بكرێت.

وتیشی، جێگرەوەی یەكێتی هەر یەكێتییە و بۆ یەكێتیش جێگرەوەی پارتی هەر پارتییە.

فازل میرانی لەو چاوپێكەوتنەدا ئاماژەی بەوەكرد، نەیانتوانیووە بەبێ یەكێتی حكومەت پێكبهێنن و پێكنەهێنانی حكومەت و نەبوونی پەرلەمان لە هەرێمی كوردستان لە بەرانبەر بەغداد كورد لاواز دەكات، چونكە ئەگەر كورد لە ناوخۆدا بەهێز بێت، لە دەرەوەش بەهێز دەبێت.

جەختیشیكردەوە، "یەكڕیزی كورد لە بەغداد گرنگە، بۆئەوەی بتوانن مەرجەكانیان بەسەر عیراقدا بسەپێنن".