لە میانی بەشداریکردنی لە کەرنەڤاڵی جەماوەری لیستی 222ـی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، کەم شوێن هەیە وەک خانەقین قوربانی دابێت و خانەقین هەمیشە سەوزە، جەختیکردەوە خانەقین و یەکێتی یەکن و هیچ کاتێک جیانابنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، بافڵ جەلال تاڵەبانی لە وتارێکیدا لە کەرنەڤاڵی جەماوەری یەکێتی لە خانەقین رایگەیاند؛ یەکێتی شانازی بە خانەقین و شەهیدەکانیەوە دەکات، کەم شوێن هەیە وەک خانەقین قوربانی دابێت.

بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد خانەقین شوێنی تێکشاندنی حزبی باعس و داعشە و خاوەنی چەندین شەهید و سەرکردە و قارەمانە کە هەمیشە ناویان لە مێژوی کوردایەتیدا دەمێنێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەشیدا وتی؛  خانەقین نمونەی چەپکە گوڵەکەی مام جەلالە و بەهەشتی کوردستانە، بەڵام نەتوانراوە وەک پێویست خزمەت بکرێت.

لە کۆتایی وتارەکەشیدا سەرۆکی یەکێتی جەختی لە کوردستانی بونی کەرکوک و خانەقین کردەوە و رایگەیاند؛ یان کەرکوک و خانەقین، یان تاماوین دەجەنگین.