ئەمڕۆ، هێمن مامەند، رۆژنامەنووس و چالاکوان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەردەم دادگای سلێمانی، وردەکاریی هەوڵی تیرۆرکردنەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، "بەر لەوەی بپرسن کێ ویستی تیرۆرت بکات، من پێتان دەڵێم؛ هەمان ئەو حزبە بوو کە سەردەشت عوسمانی تیرۆرکرد و لە زێدی باوک و باپیرانم دەری کردم. گروپێکی ١٠ کەسییان بۆ ناردمە سلێمانی و هەوڵیاندا تیرۆرم بکەن".

هێمن مامەند ئاماژەی بەوەشکرد، کارەکە پیلان بۆ داڕێژراو بووە و شەش مانگ پێشتر ئاسایشی سلێمانی ئاگاداری کردووەتەوە کە هەوڵی تیرۆرکردنی دەدرێت و دەبێت ئاگاداری خۆی بێت.

"بەڵێنی دامەزراندنیان بە بکوژەکانم داوە"

رۆژنامەنووسەکە ئاشکرایکرد، لەناو ئەو گروپەدا چوار کەسی سەرەکی هەن، کە سێ کەسیان ئەندامی هێزەکانی زێرەڤانین و پاسەوانی بەرپرسێکی پارتین و یەکێکی دیکەیان بەڵێنی دامەزراندنی پێدراوە.

هێمن مامەند بە جەختکردنەوەوە وتی: "لەکاتێکدا دامەزراندن بۆ یەکەمەکانی زانکۆکانی کوردستان نییە، بەڵام بۆ تیرۆریست هەیە".

لە کۆتاییدا داوای لە رۆژنامەنووسان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دەستەی مافی مرۆڤ، حکومەتی فیدراڵی لە بەغداد، دادگای نێودەوڵەتی و سەرجەم کونسوڵخانەکان کرد کە چاوپۆشی لەم کەیسە نەکەن، چونکە وەک خۆی وتی: "ئەمە کەیسێکی حزبی یان کەسی نییە، بەڵکو کەیسی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسێکە".

پارێزەرەکەی: تۆمەتبارەکان لە کەمتر لە شەش سەعاتدا هەڵاتوون

هاوکات، رێزان شێخ دلێر، یەکێک لە ئەندامانی تیمی پارێزەرانی هێمن مامەند، رایگەیاند، تۆمەتبارەکان دوای ئەنجامدانی تاوانەکە، لە رێگەی کەلارەوە لە کەمتر لە شەش سەعاتدا سلێمانی و دەوروبەریان جێهێشتووە.

وتیشی: "سێ کەس کە لەلایەن گروپەکەوە داوای هاوکارییان لێکرابوو دەستگیرکران، بەڵام دواتر لەلایەن دادگاوە ئازاد کران. داواکارین حکومەتی هەرێم کار لەسەر ئەو نووسراوانە بکات کە ئاراستەی کراون، بۆ ئەوەی تۆمتبارە سەرەکییەکان دەستگیر بکرێن".