هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی 10 بەسەر هێزەکانی پێشمەرگەدا دابەشدەکرێت
راهۆز
٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی پێنجشەممە، 6ی تشرینی دووەمی 2025، دەست بە دابەشکردنی هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان دەکرێت بەسەر هێزەکانی پێشمەرگەدا بۆ مانگی 10).
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتەکە، رۆژی سێشەممە، ٤ی تشرینی دووەم، گوژمەی هاوکارییەکە خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی پێشمەرگە و ئەمڕۆ چوارشەممەش، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازی) دەستی بە رێکارە دارایی و ژمێریارییەکان کردووە بۆ ئامادەکردنی لیستەکان.
وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە لەم مانگەدا زیاتر لە 97٪ی ئەفسەران، پلەداران و پێشمەرگەکان لە رێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ەوە هاوکارییەکە وەردەگرن، ئەو رێژەیەی کە ماوەتەوە لە رێگەی سیستمی بانکییەوە پارەکەیان پێدەگات.



