سەعدی ئەحمەد پیرە لەگەڵ وەفدی یونامی کۆبووەوە
راهۆز
٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ سێشەممە، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە هەولێر پێشوازیی لە وەفدێکی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق (یونامی) کرد و نیگەرانیی یەکێتیی لە بڕیاری حکومەتی عیراق بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی یونامی لە وڵاتەکەدا دەربڕی.
لە دیدارەکەدا، کە فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ئامادەی بوو، بارودۆخی سیاسیی عیراق و هەرێمی کوردستان و ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عیراق تاوتوێ کران.
وەفدی یونامی، بە سەرۆکایەتیی فرانسیسک لاناو، بەرپرسی یونامی لە هەرێمی کوردستان، ئەو قۆناغانەیان شیکردەوە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان گرتوویانەتەبەر، بۆ دڵنیابوون لە بەڕێوەچوونێکی پاک و سەرکەوتووانەی پرۆسەکە.
لەلایەن خۆیەوە، سەعدی ئەحمەد پیرە، وێڕای دەستخۆشی لە کارەکانی یونامی لە عیراق و هەرێمی کوردستان، نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بڕیاری حکومەتی عیراق بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی یونامی نیشاندا، کە بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا عیراق بەجێبهێڵن.
هەڤاڵ سەعدی پیرە هیوای خواست بەرپرسانی عیراق پێداچوونەوەیەک بەو بڕیارەدا بکەن، چونکە "تا ئێستاش عیراق و هەرێمی کوردستان پێویستیان بە یونامی و ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە."
سەعدی ئەحمەد پیرە رایگەیاند، خواستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەیە کە هەڵبژاردن لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوەبچێت و زۆرترین دەنگدەر بەشداری بکەن بۆ دیاریکردنی نوێنەرانیان.
سەبارەت بە پرسی کورسیی کۆتاکانیش، تەئکیدی کردەوە کە "یەکێتی لەگەڵ ئەوەدایە نوێنەری کۆتاکان، ئەو کەسانە بن کە لەلایەن خودی کەمینەکانەوە هەڵدەبژێردرێن، بۆئەوەی ببنە دەنگ و رەنگی راستەقینەی نەتەوە و پێکهاتەکانیان."



