لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 700 هەزار كەس بەشە خۆراكیان بڕدراوە
هادی
٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 700 هەزار كەس بەشە خۆراكیان بڕدراوە، بەرێوەبەری گشتی بازرگانیش دەڵێت، لە داهاتوویەكی نزیكدا پڕكردنەوەی فۆرمی ئەلیكترۆنیی خۆراك دەستپێدەكاتەوە.
نەوزاد كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی هەرێم بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو هاووڵاتییانەی فۆرمی ئەلیكترۆنی خۆراكیان پڕنەكردوەتەوە، بەشە خۆراكیان پێنادرێت، كە ژمارەیان نزیكەی 700 هەزار كەسە.
وتیشی، لە ئێستادا پڕكردنەوەی فۆرمەكە راگیراوە، چاوەڕوان دەكرێت لە داهاتوویەكی نزیكدا دەست بە قۆناغی دووەم دەكرێت و ئەو هاووڵاتیانە دەتوانن فۆرمەكە پڕ بكەنەوە و بەشە خۆراكیان پێدەدرێت، بەڵام خۆراكە فەوتاوەكانیان قەرەبوو ناكرێتەوە.
راشیگەیاند، هەر كەسێك كارتی نیشتمانی هەبێت و دانیشتووی هەرێمی كوردستان بێت دەتوانێت لە قۆناغی دووەمدا فۆرمەكە پڕ بكاتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لە مانگی ئایاری رابردوو، تا 3ی 8ی 2025، بۆ پڕكردنەوەی فۆرمەكە دەستنیشانكرابوو، چەند جارێكیش درێژكرایەوە لە پێناو ئەوەی هەموو هاووڵاتییان بتوانن فۆرمەكە پڕبكەنەوە.



