قوباد تاڵەبانی: هیچ بەڵێنێکی یەکێتی بێ بنەما و لەخۆڕایی نییە
محەمەد رزگار
٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
قوباد تاڵەبانی رایدەگەیەنێت، ئەوەی وەک بەڵێن دەیدەین تەنها دروشم نین بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، بەڵکو ستراتیژی یەکێتین.
قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بازنەکانی ورتێ و قەسرێ رایگەیاند، کاتێک دەڵێین کێشەی بودجە و موچە بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر دەکەین، کاتێک دەڵێین نابێ جیاوازی بکرێت لەنێوان جوتیارانی هەرێم و ناوچەکانی دیکە، کاتێک دەڵێین دەبێت موچەی چین و توێژە جیاوازەکان هاوتای ناوچەکانی دیکەی عیراق بکرێن، کاتێک دەڵێین دەبێت سوتەمەنی و بەنزین بە هەمان نرخی ناوچەکانی دیکە لە هەرێم دابەش بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمانە تەنها بەڵێن و دروشمی کاتی بانگەشە نییە، بەڵکو ستراتیژی یەکێتییە و لەم سێ ساڵەدا کاری بۆ کردووە و لەمەودواش کاریان بۆ دەکەین. ئەمانە مافی دەستوری خەڵکی کوردستانن، بۆیە داوای جێبەجێکردنی مادە بە مادەی دەستوری دەکەین.
راشیگەیاند، لەکۆبوونەوەم لەگەڵ هەڤاڵانمان لە بازنەکانی وەرتێ و قەسرێ، مەڵبەندی هەمیشە سەوز جەختم کردەوە هیچ بەڵێنێکی یەکێتی بێ بنەما و لەخۆڕایی نییە، بەڵکو هەموو بەڵێنەکان روونن و لە چوارچێوەی ستراتیژی یەکێتیدایە کە جێبەجێکردنی دەستورە وەک خۆی. بۆیە پێویستە خەڵکی کوردستان بۆ دابینکردن و گەرەنتیکردنی مافە دەستورییەکانیان لەم هەڵبژاردنەدا پێگەی یەکێتی لە بەغداد بەهێزتر بکەن.



