قوباد تاڵەبانی: رۆژێک لە رۆژان پەشیمان نابنەوە لە دەنگدان بەم یەکێتییەی ئێستا
محەمەد رزگار
٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
قوباد تاڵەبانی دەڵێت: یەکێتی و سەرۆکەکەی بەوە دەناسرێنەوە کە خاوەنی بەڵێنی خۆیانن و هەر بەڵێنێک بدەن جێبەجێی دەکەن.
قوباد تاڵەبانی ئەم وێنانەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەسبوک بڵاوکردەوەتەوە و نوسیویەتی: یەکێتی و سەرۆکەکەی بەوە دەناسرێنەوە کە خاوەنی بەڵێنی خۆیانن و هەر بەڵێنێک بدەن جێبەجێی دەکەن، بەڵێنماندا کار دەکەین بەغداد دان بە پارێزگای هەڵەبجەدا بنێت و کردمان، بەڵێنماندا رێگەنادەین بە یاسا کۆنەکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و کردمان، بەڵێنماندا پارێزگارێکی کوردی خزمەتگوزار بۆ کەرکوک دادەنێین و کردمان، بەڵێنماندا هاوسەنگیی هێز دەگەڕێنینەوە و کردمان، بەڵێنماندا حکومەتی هەرێم پێكنایەت بەبێ هاوبەشیی راستەقینە و بەبێ ئەوەی دڵنیابین کە حکومەتێکی دادپەروەر و خزمەتگوزار دەبێت، تا ئێستا لەسەر ئەو بەڵێنە ماوین.
لە کۆبوونەوەم لەگەڵ هەڤاڵانی بازنەکانی چۆمان و حاجی ئۆمەران جەختم کردەوە کە هەرچی دەنگی ناڕازییە لە راستیدا دەنگی رەسەنی یەکێتییە. داوام لە هەڤاڵان کرد لەم ماوەیەدا پەیوەندیی بە یەک بە یەکی خەڵکی ناڕازییەوە بکەن و قەناعەتییان پێ بهێنن کە یەکێتی خاوەنی بەڵێنی خۆیەتی و دڵنیایان بکەنەوە کە یەکێتی لە بەغداد بەڵێنەکانی جێبەجێ دەکات. دڵنیایان بکەنەوە کە رۆژێک لە رۆژان پەشیمان نابنەوە لە دەنگدان بەم یەکێتییەی ئێستا.



