قوباد تاڵەبانی لە پەیامێکدا رایگەیاندووە، "زۆر بە داخەوەم کە دەڵێم کێشەی مووچە چارەسەر نەکراوە و ئەوەی هەیە تەنها پینەکراوە و لە کۆتایی ئەمساڵیش جارێکی دیکە کێشەکە سەرهەڵدەداتەوە. لە ئێستاوە خەڵکانێک داوا لە کاک بافڵ دەکەن بچێتە بەغداد و چارەسەرێکی بۆ بدۆزێتەوە".

پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبوک بڵاوکراوەتەوە و تێیداهاتووە، "لە کۆبوونەوەم لەگەڵ هاڤاڵانی بازنەی ١٦ی حەسارۆست لە دۆڵی رۆست باسم لەوەکرد هەر ئەوەی کە هەموو جارێک کاک بافڵ و یەکێتی بە ١٨ کورسییەوە دەتوانن بە شێوەیەکی کورتخایەنیش بێت کێشەکە چارەسەر بکەن، ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی ئەگەر بێتو یەکێتی بە کورسی و قورساییەکی زیاترەوە لە بەغدا ئامادەبێت، دەتوانێت کاری گەورە بکات".

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشداوە: بەندە پێش دوو ساڵ وتم کێشەکانی هەرێم و بەغدا بە پینەوپەڕۆ چارەسەر ناکرێن، ئێستاش یەکێتی پێیوایە لە جیاتی پینەوپەڕۆ پێویستە کۆی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا لە چوارچێوەی نەشتەرگەرییەکی گەورەدا چارەسەر بکرێن. هەربۆیە دەڵێین یەکێتی کار دەکات تا کێشەی مووچە و بودجە و هەموو کێشەکانی دیکە لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی گشتگیری درێژخایەن چارەسەر بکات و داوای جێبەجێکردنی مادە بە مادەی دەستور لەلایەن هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمەوە دەکات.