قوباد تاڵەبانی:یەکێتی ئەو هێزەیە کە دەتوانێت و دەیەوێت کێشەکان لە بەغداد چارەسەر بکات
٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
قوباد تاڵەبانی لە میانی سەردانەکانی بۆ قەزای سۆران و ناوچەی باڵەکایەتی رایگەیاند باسکردنی کێشەکان ئاسانە، بەڵام هەموکەس ناتوانێت چارەسەریان بکات، ئەوە تەنها یەکێتییە هەم دەتوانێت و هەم دەیەوێت کێشەکان لە بەغدا چارەسەر بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، قوباد تاڵەبانی سەردانی قەزای سۆران و باڵەکایەتی کرد و لەگەڵ لایەنگران و هەڤاڵانی یەکێتیدا کۆبووەو رایگەیاند؛ رەنگە زۆر کەس و لایەن بتوانێت بە ئاسانی باس لە کێشە و گرفتەکانی خەڵک بکات، چونکە روونە کێشە و داواکاریی خەڵک چییە، بەڵام هەموو کەس و لایەنێک توانا و هێزی پێویستی نییە چارەسەریان بکات. یەکێتی ئەو هێزەیە کە هەم دەتوانێت و هەم دەیەوێت کێشەکان لە بەغدا چارەسەر بکات.
ئەوەشیخستوەتەڕوو؛ لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ هەڤاڵانی بازنەکانی سۆران و دیانا و باڵەکیان جەختی کردەوە کە دابەشبوونی دەنگی خەڵکی ناڕازی و بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی ئەو لایەنەیە کە هۆکار و سەرچاوەی کێشەکانە.
ئاماژەی بەوەشکردوە؛ پێویستە هەڤاڵانیان لەم ماوەیەدا هەموو هێزی خۆیان بخەنەگەڕ تا زۆرترین خەڵکی ناڕازی هان بدەن تا دەنگ بدەن بە یەکێتی، چونکە بەڵێن و بڕیاری یەکێتییە کە دەبێتە هێزی خەڵکی ناڕازی کوردستان لە بەغداد و لە کوردستان.
لە کۆتایشدا نوسیویەتی؛ قەزای سۆران بۆ یەکێتی مەڵبەندێکی زۆر گرنگە، چونکە شوێنی بەیەکگەیشتن و تێکەڵاوبوونی چەندین زاراوە و کلتوری جوانی کوردستانە و دەڤەری باڵەکایەتیش روونە کە بۆ یەکێتی ئەو دەڤەرە هەمیشە سەوزەیە، کە خەڵکەکەی لە هەنگوینەکەی شیرینترن و یەکێتی و باڵەکیان رەگیان لەناو یەکتردا داکوتیوە و لە یەک دەچن و هیچ کامیان هەرگیز دەستەمۆ ناکرێن.



