سەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەیامێکدا سوپاسی خەڵکی کەرکوک دەکات و دەڵێت، ئەم جۆشوخرۆشی و دڵسۆزییەتان دەرخەری ئەو راستییەیە، کە کەرکوک و یەکێتی دووانەیەکی لێکدانەبڕاون.

ئاسۆ مامەند، سەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا کە ئاڕاستەی خەڵکی کەرکوکی کردووە دەڵێت، سوپاسی پەرۆشی و بەشداری و هاتنە مەیدانی ئەم خەباتە دیموکراسییەتان لێدەکەین کە ئەمڕۆ لە شارەکەی سەرۆک مام جەلال و بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی بە شێوەیەکی زۆر بەرفراوان بەشداریتان لە کەرنەڤاڵی سەرخستنی لیستی ٢٢٢ـی یەکێتییدا کرد.

ئاماژەی بەوەشدا، "ئەم جۆشوخرۆشی و دڵسۆزییەتان دەرخەری ئەو راستییەیە، کە کەرکوک و یەکێتی دووانەیەکی لێکدانەبڕاون و بۆ هەمیشە پێکەوە دەبن، دڵنیام بە هەمان تین و رۆحییەتەوە ئەم جەماوەرە دڵسۆز و سەربەرزەی کەرکوک، لە رۆژی هەڵبژاردندا سندوقەکان سەوزپۆش دەکەن و دووبارە سەری کورد و یەکێتی و کەرکوک بەرزدەکەنەوە".

ئاسۆ مامەند راشیگەیاند، داوای لێبوردن لە شۆفێران دەکەین، چونکە لەکاتی بەڕێوەچوونی کەرنەڤاڵەکەی ئەمڕۆ لە کەرکوک بەهۆی ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان و جەماوەری یەکێتی، ئاستەنگیان بۆ دروستبوو.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سوپاسی لیژنەی سەرپەرشتیار و تەواوی هێزە ئەمنییەکانی کرد، کە بە لێپرسراوێتییەوە ئەرکەکانی خۆیان لە کاتی بەڕێوەچوونی کەرنەڤاڵەکە راپەڕاند.