قوباد تاڵەبانی رایگەیاندووە: هۆزی برادۆست وەک زۆرێک لە هۆزەکانی دیکە رۆڵێکی گەورەیان هەبووە لە پاراستنی خاکی کوردستان و شوناسی کوردبوونمان. نەوەکانی خانی لەپ زێڕین و پاڵەوانانی قەڵای دمدم سیمبولێکی گەورەی ئازایەتیی کوردن و هەردەم سەلماندوویانە کە دەمرن بەڵام سەردانانەوێنن.
 
ئاماژەی بەوەشداوە: خۆشحاڵ بووم ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی برای بەڕێزم کاک فەیسەڵ کەریم خان لە سیدەکان بە دیداری خزمان و کەسوکاری برادۆستمان شادبوومەوە. پەیوەندیی مێژوویی نێوان جەنابی سەرۆک مام جەلال و میری میران کەریم خانی برادۆستم بیرهێنایەوە کە چۆن لە یەکەم رۆژی دەستپێکی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان ئەو پەیوەندییە پتەوە دروست بوو و تا ئێستاش بەردەوامە.
 
قوباد تاڵەبانی دەشڵێت: جەختم کردەوە کە یەکێتی ساڵی ٢٠٢٥ زۆر جیاوازە لە یەکێتییەکەی پێش دە ساڵ، ئەم یەکێتییە ئەوەندە بەهێزە کە رێگە نادات غەدر لە هەڤاڵان و جەماوەرەکەی بکرێت و تا بە دەنگی خەڵک بەهێزتریش بێت، باشتر و کاریگەرتر رووبەڕووی غەدر و ناحەقی دەبێتەوە. داوام لێکردن لەم ماوەیەدا تا دەتوانن خەڵکە زویربووەکەی یەکێتی ئاشت بکەنەوە و دەنگی زیاتر بۆ یەکێتی کۆبکەنەوە، چونکە یەکێتییەکی بەهێز واتە کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیر.