بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی و لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک، سێ گەنج گیانیان لەدەستدا و بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێراش دەڵێت، هۆکاری روداوەکە خێرایی زۆر بووە.

سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای 122ی سلێمانی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردسات نیوز، ڕاگەیاند؛ "کاتژمێر چواری بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، لە بازنەی مەلیک مەحمود و لە نزیک نەخۆشخانەی شار، ئۆتۆمبێلێک بەهۆی خێرایی زۆرەوە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و وەرگەڕاوە."

سەبارەت بە زیانە گیانییەکان، سامان نادر وتی، "بەداخەوە لە ئەنجامی روداوەکەدا، هەر سێ سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە کە گەنج بوون، دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا."

بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی 122 ئەوەشی خستەڕوو، "تاوەکو ئێستا ناسنامەی قوربانییەکان نەزانراوە و تەرمەکانیان بەمەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر رەوانەی پەیمانگەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە."