جوتیاران ئاگاداردەکرێنەوە رۆژی دووشەممە، قۆناغی دووەمی شایستەی دارایی گەنمی جووتیارانی سنوری پارێزگای سلێمانی  خەرج دەکرێت، بریاریشە سبەینێ بۆ ئەو مەبەستە شەش ملیار دینار بخرێتە سەر هەژماری بانکی بابان لە سلێمانی.

نەوزاد کامیل، بەرێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند؛ سبەینێ شەش ملیار دینار لە شایستەی دارایی گەنمی جوتیارانی سلێمانی دەخرێتە سەر هەژماری بانکی بابان و لە رۆژی دووشەممەوە دەستبەدابەشکردنی دەکەن بەسەر جوتیاراندا.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بەڕە پارەیە، وەک قۆناغی دووەمی شایستەداراییەکانی جوتیارانە لە سنورەکە دەنێردرێت، کە جوتیارانی  سلێمانی، هەڵەبجە، چەمچەماڵ، ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین دەگرێتەوە.

ئەمە لە کاتێكدایە، وەزارەتی بازرگانی هەرێم رۆژی  15ـی10ـی ئەمساڵ رایگەیاند، بڕی پانزە ملیار و پێنج سەد ملیۆن دینار وەک شایستەی گەنمی جوتیاران بۆساڵی 2025 خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتەکەیان و بەپێی پارێزگاکانیش، شەش ملیار دینار بۆ سلێمانی و پێنج ملیار دینار بۆ هەولێر چوار ملیار و پێنج سەد ملیۆن دینار بۆ دهۆک دەبێت.