ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری کورد بێتاوان دەرچوو دوای ئەوەی، دادگای باڵای تاوانەكانی ئەنقەرە لەسەر داوای داواكاری گشتی شاری سێرت لە دانیشتنێكی ئاسایی خۆیدا پێداچوونەوەی كرد بۆ دۆسێی  تۆمەتباركردنی هاوسەرۆكی پێشووی شارەوانی مێردین.

هاوسەرۆکی گەورە شارەوانی ماردین، لە دۆسیەی "پڕوپاگەندە بۆ رێکخراوێکی تیرۆریستی" بێتاوان دەرچوو، کە بووە هۆی ئەوەی لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤دا قەیوم لە شوێنی دابنرێت.

لە دانیشتنەكەدا دادگای باڵای تاوانەكانی ئەنقەرە بڕیاری بێتاوانی ئەحمەد توركی دەركرد و  و رایگەیاند ئەو قسانەی لە ٢٠١١دا لە ناوچەی نەوالی قەساب لە سێرت كردوویەتی دەچنە چوارچێوەی ئازادی رادەربڕین.

لە دواین دانیشتنيدا، دادگای باڵای تاوانەکانی (١٤)ی ئەنكەرە بڕیاری دا بەوەی لێدوانەکانی ئەحمەد تورک کە بابەتی دادگاییکردنەکە بوون، لە چوارچێوەی ئازادی رادەربڕیندان و لەسەر بنەمای نەبوونی بنەماكانی ئەنجامدانی تاوان، بڕیاری بێبەریبونی دەركرد.

ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی ناوخۆى توركيا لە بڕیارەکەیدا بۆ دانانی سەرۆک شارەوانییەکی نوێ (قەیوم)  بۆ گەورە شارەوانی ماردین لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤دا  و ئەحمەد تورکی دورخستەوە.

وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند بوو، دۆسیەی  ئەحمەد تورکی لە دادگای باڵای تاوانەکانی (١٤)ی ئەنكەرە لە هۆکارەکاندا باسكردبوو، کە دادگايکردنی بە تۆمەتی پڕوپاگەندەی تیرۆریستی بەردەوامە.