بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردوەتەوە، چوار تۆمەتباریان بە تۆمەتی دزینی  100 هەزار دۆلار دەستگیر کردوە، کە لە یەکێک لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە شاری سلێمانی تاوانەکەیان ئەنجامداوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ دوای ئەوەی ٢٠٢٥/١٠/٤ لەیەکێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە شاری سلێمانی، بڕی سەد هەزار دۆلار لەماڵێک دزرا، دەستبەجێ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بەدواداچوونی لەسەر ڕووداوەکە دەستپێکرد.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، دوای بە دواداچونەکانیان، توانیویانە لە ماوەی 48 سەعاتدا تەواوی تۆمەتبارانی روداوەکە دەستگیر بکەن.

ئاسایشی سلێمانی لەگەڵ دیمەنی دزییەکان و دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان ئەوەشی خستوەتەڕوو، لەئێستادا بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی بەماددەی ٤٤٣ لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.