كەشناسیی عیراق پێشبینی بارانبارین و دابەزینی پلەكانی گەرما لە ناوچە شاخاویەكانی هەرێمی كوردستان دەكات.

دەستەی كەشناسیی عیراق رایگەیاند، بەپێی پێشبینیەكان رۆژی سێشەممەی داهاتوو ئاسمانی هەرێمی كوردستان و ناوەڕاستی عیراق هەور دەبێت و لەسەر لوتكەی چیاكان باران دەبارێت، پلەكانی گەرماش بەراورد بە  رۆژانی پێشوو دابەزینی بەرچاو بەخۆیانەوە دەبینن.

لەبارەی كەشوهەوای رۆژی یەكشەممە و دووشەممەوە دەستەكە رایگەیاند، ئاسمان ساماڵ دەبێت و بەهۆی هەڵكردنی بایەكی مامناوەندەوە تۆز و خۆڵ بەرز دەبێتەوە، بەوەش مەودای بینین بۆ كەمتر لە هەشت كیلۆمەتر كەمدەبێتەوە.

باسی لەوەشكرد، رۆژی چوارشەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەكانی گەرما لە سەرجەم ناوچەكانی عیراق كەمێك بەرزدەبنەوە.