بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ لە کەرنەڤاڵی ناساندنی کاندیدانی لیستی 222ی یەکێتی لە سلێمانی، وتارێکی گرنگی پێشکەش کرد. لە وتارەکەیدا، جەختی لەسەر پێگەی یەکێتی و ئامانجەکانی بۆ خولی داهاتووی پەرلەمانی عیراق کردەوە.

سەرۆک بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند: "ژمارە 222 بۆ کوردستان و عیراق زۆر گرنگە." هاوکات، ئاماژەی بەوەدا کە یەکێتی "هیچ حزبێک بە کێبڕکێکاری خۆی نازانێت و تەنها کێبڕکێکاری یەکێتی خۆیەتی." ناوبراو یەکێتیی بە "حزبی شەهیدان و تێکۆشەران" وەسف کرد.

سەرۆکی یەکێتی دووپاتیکردەوە، یەکێتی لە بەغداد کار بۆ تەواوی کوردستان دەکات و ئامانجی سەرەکییان "خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکە بەبێ جیاوازی،" وەک لایەنەکانی تر جیاوازی ناکەن. وتیشی: "پێویستە حکومەتێک دابمەزرێت کە ڕێگەمان پێبدات خزمەتی هاووڵاتیان بکەین، و تا دڵنیا نەبین ڕێگە بە دامەزراندنی حکومەت نادەین."

بافڵ تاڵەبانی جەختی لەسەر پاراستنی ئاسایش و ئارامی هاووڵاتیان کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە "بەرنامەی یەکێتی خزمەتکردنە بەبێ جیاوازی." لە بەشێکی تری وتارەکەیدا، سەرۆک تاڵەبانی باسی لە دۆسیەی نەوت کرد و وتی: "دۆسیەی نەوتمان رزگار کرد، داهاتی نەوت تەنها بۆ گیرفانی لایەنێک بوو."

هەروەها سەرۆکی یەکێتی داوای لە کاندیدانی لیستەکەی کرد خزمەتی کەسوکاری شەهیدان و گەنجان بکەن، و پەیامێکی ئاراستەی لایەنگرانی کرد کە "سندوقەکانی دەنگدان سەوز بکەن و دەنگ بە یەکێتی بدەن."

لەکۆتاییدا، سەرۆک بافڵ ئاماژەی بەوەدا کە "یەکێتی هەرگیز درۆ لەگەڵ دەنگدەرانی ناکات و ئەوەی یەکێتی کردوویەتی بە هیچ لایەنێک ناکرێت." جەختی لەسەر ئەنجامدانی گۆڕانکاری راستەقینە و پابەندبوون بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکان کردەوە و رایگەیاند کە کۆتایی بە بانگەشەی هەڵبژاردن لە بەغداد دەهێنن.