بەهۆی روداوی هاتوچۆوە لە گەرمیان نۆ کەس برینداربوون
محەمەد رزگار
١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ لە سنوری گەرمیان چوار روداوی هاتوچۆی جیاواز رویدا و بەهۆیەوە نۆ کەس برینداربوون.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان بڵاویکردەوە، ئەمشەو بەهۆی چوار روداوی جۆری پێکدادان و وەرگەڕان لە قەزای کەلار و قەزای کفری نۆ کەس برینداربوون بەشێوەیەک لە کفری یەک رووداو لە کەلار سێ روداوی هاتوچۆ تۆمارکراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، روداوی یەکەم پێکدادانی ماتۆڕسکیلێک و تۆیۆتا پیکاب بوو لە قەزای کفری بەهۆیەوە شۆفێر و سەرنشینی ماتۆڕ سکیلەکە برینداربوون رەوانەی نەخۆشخانەکران.
هاتوچۆی گەرمیان ئەوەشی خستەڕوو، روداوی دووەم وەرگەڕانی ماتۆڕسکیلێک بوو لەگردەگۆزینە، بەئاراستەی کەلار هاتووە، بەهۆیەوە شۆفێر و سەرنشینی ماتۆڕسکیلەکە برینداربوون.
راشیگەیاند، لە روداوی سێهەمدا ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا بەئاراستەی سلێمانی رۆیشتووە، لەنزیک گوندی تازەدێ وەرگەڕا بەهۆیەوە چوار کەس برینداربوون، هەروەها روداوی چوارەم لە ناوشاری کەلار رویدا لە ترافیک لایتی نزیک سەرۆکایەتی شارەوانی کەلار ئۆتۆمبێلێکی جۆری مارسیدس و ماتۆڕسکیلێک پێکیاندادا بەهۆیەوە شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە برینداربوو.
هاتوچۆی گەرمیان ئاشکراشیکرد، سەرجەم بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەکروان و لێکۆڵینەوە لە روداوەکان لەلایەن تیمی هاتوچۆوە دەستیپێکردووە بەمەبەستی زانینی هۆکار و چۆنیەتی روداوەکان.



