هێڵی ئاسمانی تورکش ئێرلاین گەشتە ئاسمانییەکانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەست پێ ئەکاتەوە و هەفتانە چوار گەشت لەنێوان فڕۆکەخانی نێودەوڵەتیی سلێمانی و ئیستەنبوڵی تورکیا ئەنجامدەدرێت.

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بڵاویکردەوە، بەپێی ئەو خشتەیەی لەلایەن 'هێڵی ئاسمانی تورکش ئێرلاین'ـەوە بۆ فڕۆکەخانەکە نێردراوە، وابڕیارە رۆژی 3ـی11ـی ئەمساڵ، گەشتەکانی نێوان ئیستەنبوڵ-سلێمانی بەپێچەوانەشەوە دەستپێبکەنەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سەرەتایی دەستپێکردنەوەی گەشتەکان هەفتانە چوار گەشتی ئاسمانی لە نێوان سلێمانی-ئیستەنبوڵ ئەنجامدەدرێت.

ئەمە لە کاتێكدایە زیاتر لە دوو ساڵە وڵاتی تورکیا، بە بیانوی سیاسی، گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی راگرتووە و چەندین جاریش راگرتنەکەی درێژکردوەتەوە.