سەندیكای پارێزەرانی سەدە لەبارەی سەردانەكەیان بۆ ئیمراڵی و چاوپێكەوتن لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە ئاماژەیان بەوەکردوە؛ ئۆجەلان جەختی لە گرنگی مافی هیواکردوەتەوە و وتویەتی؛ ئەو بابەتە پەیوەستە بە ژیانی هەزاران کەسەوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا کە پەیوەستە بە سەردانەکەیان لە 13ی تشرینی یەکەمی 2025 بۆ ئیمرالی هاتووە؛ لە سەردانەكەدا لەسەر رەوشی سیاسی و هەڵسەنگاندن و تێڕوانینەكانی ئۆجەلان گفتوگۆیان كردووە و  پێگەی یاسایی ئۆجەلان و مافی هیوا لە چوارچێوەی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا یەكێكبووە لە تەوەرە سەركییەكان، كە لیژنەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەوروپا، لە 15ی ئەیلولی رابردوو داوای لە توركیا كردبوو، بەپێی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا مافی هیوا دەستەبەر بكات.

ئەوەشیان خستوتەڕوو، ئۆجەلان ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، مافی هیوا هەنگاوێكە دەبێت دەوڵەت بیگرێتەبەر و جێبەجێبکات، ئەو بابەتە هەزاران كەس دەگرێتەوە و دەبێت بە شێوەیەكی یاسایی ئەنجام بدرێت.

ئۆجەلان پێداگریشیکردوە لە بانگەوازەکەی  27ی شوبات، کە پێویستە هەموو ئایین و مەزهەبەكان بتوانن بە ئازادی خۆیان دەرببڕن، هەموو كەسێكیش مافی هەیە گوزارشت لە نەتەوەی خۆی بكات و بە ئازادی بژی، تا ئیشتا کورد بە یاسا دانیپێدانەنراوە و پێویستە بە شێوەیەكی یەكگرتوو لە یاسای یەكگرتنی دیموكراسی جێگیر بكرێت.

ئۆجەلان بانگێشتی ئەو کەسانەی کردوە کە دەیانەوێت لێی تێبگەن بۆ قووڵکردنەوەی ئەم پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتییە، بۆ ئەوەی بتوانن جێبەجێی بکەن لەگەڵیدا بەشداری بکەن .

مافی هیوا، کە ئۆجەلان داوای جێبەجێکردنی دەکات، بریتییە لە یاسایەک یان مافێک کە لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دەرچووە، بە پێی یاساکە هەر بەندکراوێک ماوەی زیاتر لە 20 ساڵ زیندانی بکرێت، دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە، مافی ئەوەی هەیە دووبارە پێداچوونەوە بکرێتە بە بڕیاری سزادانەکەیدا، یاخود بەمەرج ئازاد بکرێت.