فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە) رایگەیاند؛ لەگەڵ دیمەشق ڕێککەوتون لەسەر چۆنێتی تێکەڵکردنەوەی هێزەکانیان لەگەڵ سوپا و وەزارەتی ناوخۆی سوریادا و ئاماژەی بەوەشکردوە؛ فەرماندە و ئەندامەكانی هەسەدە پێگەی بەرزیان لە سوپای سوریادا پێدەدرێت.

فەرمەندەکەی هەسەدە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشیدپرێس ئاماژەی بەوەشکردوە؛ رونیشیكردەوە، ئەو ئەزمونەی هەسەدە هەیەتی بەتایبەتی لە شەڕی دژ بە تیرۆر و روبەڕوبوونەوەی داعش، دەبێتە پشتیوانێكی باش بۆ بەرزكردنەوەی تواناكانی سوپای سوریا.

ناوبراو جەختیکردوەتەوە لەوەی، وەک ئەوەی بڕیاری لێدراوە،  ئاسایشی ناوخۆ لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا تێكەڵ بە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی سوریا دەكرێن.

مەزڵوم كوبانێ ئەوەشی خستەوەتەڕوو؛ لە ئێستادا جۆرێك لە نەرمی نواندن لەلایەن توركیاوە بەرامبەر هەسەدە هەیە و هۆکاری دواکەوتنی رێککەوتنەکەی نێوان ئیدارەی خۆسەرو  دیمەشقی بۆ گرژییە ناوخۆییەكان و روداوەكانی سوەیدا گەڕاندوەتەوە.