قوباد تاڵيبانی لە میانی کۆبونەوەی لەگەڵ  هاووڵاتیان و لایەنگرانی یەکێتی لە نازەنین رایگەیاند، راستییەکی تاڵە، بەڵام حاشاهەڵنەگرە لە دوای نەخۆشکەوتنی سەرۆک مام جەلال کە حزوری یەکێتی لە بەغدا لاوازبوو، کە پێگەی یەکێتی لە کوردستانیش لاوازبوو، دۆخی ئابووری و ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانیش لاواز بوو.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، قوباد تاڵەبانی لەمیانی سەردانەکانیدا لە نازەنین قسەی بۆ هاوڵاتییان و لایەنگرانی یەکێتی کرد و ئاماژەی بەوەدا؛ هەمووان دەزانن چەندین بڕیاری ستراتیژیی هەڵە دران کە ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانیان تێکدا و پێگەی هەرێم و قەوارەی هەرێمیان خستە مەترسییەوە.

دەشڵێت؛ لەگەڵ برای بەڕێز و خۆشەویستم کاکە شاڵاو و هەروەها برای خۆشەویستم کاک لیوا ئەیوب و لەناو کۆڕی هەڤاڵانمان لە نازەنین، جەختیان کردەوە کە ئەم یەکێتییەی ئەمڕۆ بەهێزترە لە هەر کاتێكی دیکە و خاوەنی بڕیاری خۆیەتی.

ئاماژەی بەوەشکردوە؛ ئەم یەکێتییە بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بافڵ کێشەکانی خەڵکی کوردستان لە بەغداوە چارەسەر دەکات و رێگە نادات کەس بە بڕیار و سیاسەتی هەڵە جارێکی تر ژیان و گوزەرانی خەڵک و داهاتووی هەرێم بخاتە مەترسییەوە.

جەختیشیکردوەتەوە لەوەی کە با بۆ هەموو لایەک روون و ئاشکرابێت، یەکێتی خاوەنی قسەی خۆیەتی، وەکچۆن هاوسەنگی هێزی رێکخستەوە، وەکچۆن لە کەرکوک قسە و بەڵێنی خۆی بردەسەر، وەکچۆن بەبێ رەزامەندی یەکێتی و سەرۆک بافڵ حکومەتی هەرێم پێکنایەت، بە دڵنیاییشەوە ئەمجارەش قسەی خۆی دەباتەسەر و لە بەغداوە کێشەکانی هەرێم چارەسەر دەکات.