وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیارێکی نوێی دەرکرد، بەمەبەستی ئاسانکاری بۆ خوێندکارانی وەرگیراوی ساڵی خوێندنی (2025-2026) لە ئەنجامدانی مامەڵەی دەستەبەر (کەفالەت).

بەپێی ئەم بڕیارە، دەسەڵاتی دادنووسی دراوە بە بەڕێوەبەری کاروباری یاسایی لە سەرۆکایەتی زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان بۆ راییکردنی کاروباری دەستەبەر بۆ خوێندکاران و قوتابیان.

ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای یاسای دادنووسی ژمارە (33)ی ساڵی (1998) و نوسراوی وەزارەتی داد ژمارە (4_28) لە رێکەوتی (2022/6/4) دەرچووە. بەمە، پێویست ناکات خوێندکاران و قوتابیانی وەرگیراو بۆ ئەنجامدانی ئەم مامەڵەیە بگەڕێنەوە بۆ فەرمانگە دادییەکان و کارەکانیان لەناو سەرۆکایەتی زانکۆ و پەیمانگەکاندا بۆیان رایی دەکرێت.