قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، هەرچەندە لایەنە سیاسییەکان بە ئاشکرا ناتوانن دانی پێدابنێن، بەڵام هەموویان دەزانن کە لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی ئێستای نێوان هەرێم و بەغدا بۆ ناردنی موچە، دەرەنجامی هەوڵ و گفتوگۆ بەردەوامەکانی سەرۆک بافڵ تاڵەبانییە لە بەغداد.

لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بازنەی 10ی کەسنەزان، قوباد تاڵەبانی ئاشکرای کرد کە لایەنە عیراقییەکان بە ئاشکرا باسی ئەوە دەکەن کە سەرۆک بافڵ رێک هەمان رێچکەی سەرۆک مام جەلالی گرتووەتەبەر و دەیەوێت کێشەکانی خەڵکی کوردستان لە بەغداوە چارەسەر بکات.

تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا، یەکێتی و سەرۆک بافڵ لە سێ ساڵی رابردوودا هەنگاوی زۆر گەورەیان ناوە و متمانە و زەمینەیەکی باشیان رەخساندووە بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکان.

قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە، پێی وایە لەم هەڵبژاردنەدا زۆر گرنگە پێگەی یەکێتی بەهێزتر بکرێت "تا بە دەستێکی پڕ و هێزێکی زیاترەوە هەنگاوبنێین بەرەو رێککەوتنی کۆتایی." لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، "یەکێتی بۆ پاراستن و بەهێزکردنەوەی کوردستان لە بەغدایە."