قوباد تاڵەبانی دەڵێت: یەکێتی پێیوایە سەندیکا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پارێزەری دیموکراسی و داینەمۆی گەشەپێدانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵاتن.

قوباد تاڵەبانی ئەم وێنانەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاوکردوەتەوە و نوسیویەتی: ساڵی 1984 سەرۆک مام جەلال لە سورداشەوە داوایکرد هەموو چین و توێژەکان بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان خۆیان لەناو سەندیکا و رێکخراو و کۆمەڵەکاندا رێک بخەن، یەکێتیی ئەوسا و ئێستاش پێیوایە سەندیکا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی نەک تەنها بۆ داکۆکیکردن لە مافی چین و توێژەکان پێویستن، بەڵکو پارێزەری دیموکراسی و داینەمۆی گەشەپێدانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵاتن.

دەشڵێت: لە کۆبوونەوەم لەگەڵ هەڤاڵانی سێکتەری سەندیکاکان و رێکخراوەکانی هەولێر، جەختم کردەوە یەکێتی وەک هەمیشە و زیاتر لە جاران و هەروەها زیاتر لە هەر لایەنێکی دیکەی کوردستان و عیراق پاڵپشتی لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات، روونیشم کردەوە دەنگدان بە یەکێتی، دەنگدانە بە کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی بە‌هێزتر و داواشم کرد هەڤاڵان هەوڵی تەواوی خۆیان بدەن تا زۆرترین دەنگی چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ یەکێتی کۆبکەنەوە.