قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزەکانی بەریتانیا و فەرەنسا کۆبووەوە
محەمەد رزگار
١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران بە جیا لەگەڵ هەر یەکە لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا و پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عیراق کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکاندا تاوتوێی رەوشی ناوچەکە و پرسی هەڵبژاردنەکانی عیراق کرا.
لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێوەچوون، ئاڵۆگۆڕی بیروڕا کرا لەبارەی دواین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، بە گرنگییەوە باس لە کۆتاییهاتنی جەنگی غەززە کرا و هیواخوازرا کە کۆتاییهاتنی ئەم جەنگە سەرەتایەکی باش بێت بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیرییەکی گشتگیر لە ناوچەکەدا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا. جێگری سەرۆک وەزیران بە ئاماژەدان بە رێککەوتن لەسەر پرسی نەوت و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت، روونیکردەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەن کە ئەو لێکتێگەیشتنەی لەنێوان هەردوولادا دروست بووە وەک دەرفەتێک بقۆزنەوە بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد و بە تایبەتیش گەرەنتیکردنی موچە و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی هەردوو کۆبووەنەوەکەدا باسی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کرا، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە رەوشێكی ئارام و بە دوور لە بارگرژی، زۆر گرنگە بۆ سەقامگیری عیراق و پێکهێنانی حکومەتێکی کارا کە جێی رەزامەندیی هەموو پێکهاتەکانی عیراق بێت، هیواشی خواست خەڵکی کوردستان و عیراق بە رێژەیەکی بەرچاو بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن و بڕیار لە چارەنووسی چوار ساڵی داهاتووی خۆیان و وڵاتەکەیان بدەن.



