پۆلیسی سلێمانی: سێ تۆمەتبار بەهۆی هێرشکردنە سەر پۆلیس و تەقەکردن لە نەخۆشخانەی شار دەستگیرکران
راهۆز
١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، سێ تۆمەتبار لەسەر رووداوەکەی شەوی رابردووی نەخۆشخانەی شار لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتن و بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانەوە دەستگیرکراون.
بەپێی راگەیەندراوی پۆلیس، شەوی رابردوو پاش کاتژمێر 12ی نیوەشەو، سێ کەس بە مەبەستی سەردانیکردن دەچنە نەخۆشخانەی شار. بەهۆی ئەوەی لەو کاتەدا سەردانیکردن بەپێی یاسا و رێنماییەکان رێگەپێدراو نییە، کارمەندێکی پاسەوانی بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانە هەوڵی رێگریکردنیان لێدەدات.
پۆلیس ئاماژەی بەوەداوە کە یەکێک لە دەستگیرکراوان، بە درۆ خۆی وەک پزیشکی نەخۆشخانە ناساندووە و یەکێکیشیان لەژێر کاریگەری مەی نۆشیدا بووە. پاشان، گرژی و ئاڵۆزی دروست دەکەن و هێرش دەکەنە سەر کارمەندە پۆلیسەکە. یەکێک لە تۆمەتبارەکان چەکی کارمەندەکەی رفاندووە و تەقەی کردووە و پاشان هەڵاتووە.
دەستبەجێ، لەلایەن بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانەوە دوو لە تۆمەتبارەکان دەستگیرکران و لە ماوەیەکی زۆر کەمیشدا، تۆمەتباری سێیەم لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانییەوە لە گەڕەکی کوردستان دەستگیرکرا.
لە ئێستادا هەر سێ تۆمەتبارەکە بە ناوەکانی:
-
(س، س) لەدایکبووی 1969
-
(ب، س، س) لەدایکبووی 2006
-
(ب، س، س) لەدایکبووی 2004
بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی (31/405) لە یاسای سزاکانی عیراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.



