بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ کاندیدانی یەکێتی کۆدەبێتەوە و جەخت لە خزمەتکردنی خەڵک و بەدەستهێنانی مافەکانی کوردستان دەکاتەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە هۆڵی شەهید شیهاب لە قەڵاچوالان، لەگەڵ سەرجەم کاندیدەکانی لیستی ٢٢٢ـی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە سەرجەم بازنە و پارێزگاکان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، ژمارەیەک لە سەرکردە باڵاکانی یەکێتی ئامادە بوون، لەوانە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان؛ رەفعەت عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی یەکێتی؛ و رزگار حاجی حەمە، لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردن.

بافڵ تاڵەبانی ستایشی کۆشش و ماندووبوون و هەوڵی کاندیدەکانی یەکێتی کرد، کە بە دڵسۆزی و پەرۆشییەوە کاردەکەن بۆ سەرخستنی یەکێتی و گەیاندنی پەیامەکەی بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک. داوای لێکردن بە گڕوتین و وزەیەکی زیاترەوە لەناو خەڵکدا بن و خزمەتیان بکەن.

بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند: "ئەرک و بەرپرسیارێتی هەموومانە لەگەڵ خەڵکەکەی خۆماندا کاربکەین بۆ داهاتوویەکی گەشتر بۆ گەلەکەمان."

هەروەها جەختی لەسەر رۆڵی یەکێتی لە بەغداد کردەوە و وتی: "وەک وتووشمانە، ئەو هێزەی لە بەغداد دەتوانێت شەڕی مافەکانی هاووڵاتییان بکات، بە دڵنیاییەوە یەکێتییە. بۆیە ئێمە هێزی خەڵک دەبین لە بەغداد."