حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، ئەمڕۆ شەممە  لە میانی وتارێکیدا لە کاتی دەستپێکردنی کارەکانی "کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ وزە".رایگەیاند کە وڵاتەکەی لێکۆڵینەوە لە بژاردەی نوێ دەکات بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو لە رێگەی هەردوو وڵاتی سوریا و لوبنانەوە.

عەبدولغەنی جەختی لەوە کردەوە کە "عیراق بۆ ماوەی سەدەیەک پایەیەکی سەرەکیی بازاڕەکانی وزەی جیهانی بووە و ئەمڕۆش بە بەرپرسیارێتییەوە لە رێکخراوی ئۆپیکدا بەردەوامە لە کارکردن بۆ سەقامگیریی بازاڕەکان و دڵنیابوون لە هاوسەنگیی نێوان خواست و خستنەرو."

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە عیراق بەهۆی یەدەگی گەورەی نەوت و غاز و پێگە ستراتیژییەکەیەوە، شایستەی ئەوەیە ببێتە ناوەندێکی گرنگی وزەی جیهانی و رۆڵێکی کاریگەری هەبێت لە داڕشتنی سیاسەتەکانی بازاڕی نەوت و غازدا.

وەبەرهێنان لە غاز و پابەندبوون بە ژینگە

وەزیری نەوت باسی لە پلانی وڵاتەکەی بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی غازدا کرد و وتی: "وەبەرهێنان لە غازمان کردووەتە کارێکی لەپێشینەی نیشتمانی، دوای ئەوەی پێشتر عیراق بڕێکی زۆری دەسوتاند. دەستمان کردووە بە فراوانکردنی کۆمپانیای غازی بەسرە و کێڵگەکانی تری میسان، زیقار و کەرکوک، بە ئامانجی وەبەرهێنانی تەواوەتی لە غاز تا ساڵی 2030 و راگرتنی سووتاندنی بە تەواوی لە ساڵی 2029دا."

وتیشی، "وەبەرهێنان لە غازدا تێچووی بەرزی هاوردەکردن لەسەر دەوڵەت کەمدەکاتەوە و دەرهاویشتە کاربۆنی و گەرمییەکانیش کەم دەکاتەوە."

لە کۆتاییدا دووپاتیکردەوە کە عیراق کار لەسەر هەمەجۆرکردنی هێڵەکانی هەناردەکردنی نەوت دەکات بۆ دڵنیابوون لە گەیشتنی نەوت بە شێوەیەکی ئارام و سەقامگیر بە بازاڕەکانی جیهان، و لەو چوارچێوەیەشدا لێکۆڵینەوە لە بژاردەی نوێ دەکات لە رێگەی سوریا و لوبنانەوە.