ئەمڕۆ، 95 ساڵ بەسەر راپەڕینی مێژوویی بەردەرکی سەرای سلێمانیدا تێپەڕدەبێت، کە تێیدا خەڵکی شارەکە لە رۆژی 6ی ئەیلولی 1930دا لە دژی ستەم و نکۆڵیکردن لە مافەکانیان رژانە سەر شەقامەکان و رووبەرووی سەرکوتێکی خوێناوی بوونەوە.

خۆپیشاندانە فراوانەکە کە لەلایەن چین و توێژە جیاوازەکانی شارەکەوە رێکخرابوو، لەلایەن شاعیری ناودار "فایەق بێکەس"ەوە رابەرایەتی دەکرا. لە بەرامبەردا، هێزە ئەمنییەکانی حکومەت بە فیشەک وەڵامی داواکاریی خۆپیشاندەرانیان دایەوە، کە بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی شەهید و بریندار بوون. بەپێی بەڵگەنامەکانی ئەو سەردەمە، نزیکەی60 کەس لەو رۆژەدا بوونە قوربانی.

ئەم روداوە، کە لەلایەن شاعیران و نووسەرانی وەک (بێکەس، حەمدی، ئەخۆل، پیرەمێرد و گۆران)ەوە بە "رۆژە رەشەکە" ناوبراوە، بووە بەشێکی گرنگ لە مێژووی خەباتی رزگاریخوازی گەلی کورد.

یەکێک لە سیمبولە هەرە دیارەکانی ئەو رۆژە، "عەولەسیس" (عەبدولمەجید مەلا ئیبراهیم) بوو، کە بە ئازایەتییەکەی ناسرابوو و لە تەمەنی 29 ساڵیدا بە گوللەی سەربازانی ئینگلیز شەهید کرا و بووە هێمای قوربانیدان لەپێناو ئازادیدا.