وەزارەتی کارەبا: بۆ ماوەی دوو رۆژ تاقیکردنەوەی فشار ئەنجام دەدەین
٣١ی ئابی ٢٠٢٥
وەزارەتی کارەبا بۆ ماوەی دوو رۆژ تاقیکردنەوەی فشار ئەنجام دەدات، هاووڵاتیانیش ئاگاداردەکاتەوە ئەگەر پچڕانی نەخوازراوی رویدا پەیوەندی بە تاقیکردنەوەکە هەیە.
وەزارەتی کارەبای هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، هەڵدەستن بەئەنجامدانی تاقیکردنەوەی فشاری سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی لەهەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک، ئەم تاقیکردنەوەیە ناوچەکانی ناوەوە و دەرەوەی پڕۆژەی روناکی دەگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو تاقیکردنەوەیە رێکارێکی رۆتینیە کە بۆ تۆڕی کارەبا ئەنجام دەدرێت لەلایەن وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئامانج لێی دیاریکردنی کێشە و خاڵە لاوازەکانی تۆڕەکانی گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبایە، لە ماوەی دوو رۆژی تاقیکردنەوە بۆ هەر پارێزگایەک کە تییایدا هاووڵاتیان کارەبای بەردەوامییان دەبێت.
وەزارەتی کارەبا ئاگاداری هاووڵاتیان دەکاتەوە، لە ماوەی ئەو دوو رۆژەدا ئەگەری پچڕانی نەخوازراوی کارەبا پەیوەندی بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکە هەیە.
ئاشکراشیکردووە، ئەو تاقیکردنەوەیە لە رۆژی 1 و 2 ی ئەیلول لە پارێزگای هەولێر دەستپێدەکات.



