بەشێك لە پارەی موچەی مانگی شەش خرایەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم
٣١ی ئابی ٢٠٢٥
وەزارەتی دارایی عیراق بەشێك لە پارەی موچەی مانگی شەشی خستەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم و بڕیارە سبەینێش تەواوكارییەكەی بنێرێت، حكومەتی هەرێمیش جەخت دەكاتەوە لە بەردەوامبوونی گفتوگۆكان لەگەڵ حكومەتی عیراق بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر ناكۆكییەكانیان.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، وەزارەتی دارایی عیراق زیاتر لە 615 ملیار دیناری وەك بەشێك لە پارەی موچەی مانگی شەشی موچەخۆران خستەسەر هەژماری دارایی وەزارەتی دارایی هەرێم و بڕیارە سبەینێش، تەواوكارییەكەی كە نزیكەی 350 ملیار دینارە بنێرێت.
وتیشی، بڕیارە لەگەڵ ناردنی تەواوكاریی موچەی مانگی شەشی موچەخۆران لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە، وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی موچەی مانگی شەش بڵاوبكاتەوە.
هەر تایبەت بە پرسی موچە و ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەگەڵ وەفدی دانووستانكاری هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عیراق كۆبووەوە و دوایین پێشهاتەكانیان لەبارەی دانوستانەكانەوە تاوتوێكرد و جەختیانكردەوە، لە بەردەوامبوونی گفتوگۆكان و دانوستان بە ئاراستەی گەیشتن بە رێككەوتن و دابینكردنی مافە دەستوریی و یاساییەكان و موچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.



