مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەی هەڵبژاردنی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، وەک سەرۆکی هاوپەیمانیی حیزبە سۆشیال دیموکراتەکانی وڵاتانی عەرەب، پەیامێکی ئاڕاستەی بافل جەلال تاڵەبانی کرد کە تیایدا هاتووە: هەڵبژاردنتان بە سەرۆکی ئەم محفەلە نێودەوڵەتییەی خەباتی سۆشیال دیموکراتی بەڵگەیەکی تری لێوەشاوەیی سەرکردایەتیتانە.

دەقی پەیامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:

بەرێز هەڤاڵ سەرۆک بافل جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بەبۆنەی هەڵبژاردنت وەک سەرۆکی هاوپەیمانیی حیزبە سۆسیال دیموکراتەکانی وڵاتانی عەرەبی، بەناوی هەڤاڵانت لە مەکتەبی سیاسیی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی و سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی  یەکێتییەوە، گەرمترین پیرۆزبایتان ئاراستە دەکەین.

هەڤاڵ سەرۆک بافڵ

هەڵبژاردنتان بە سەرۆکی ئەم محفەلە نێودەوڵەتییەی خەباتی سۆشیال دیموکراتی بەڵگەیەکی تری لێوەشاوەیی سەرکردایەتیتانە لە خزمەتی تێکۆشانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و گەلەکەمان لەپێناو ئاشتی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنووسین و لەسەر هەمان رێبازی سەرۆک مام جەلال کە هەمیشە تەئکیدی لەسەر ئامادەیی دیبلۆماسی یەکێتیی لە کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان دەکردەوە.

دڵنیاین ئەم  ئەرکە سیاسییە هەرێمی و نێودەوڵتییە رۆڵی گەورەی دەبێت لە پێشخستنی پێگەی یەکێتیی و خەباتی گەلی کوردستان لە ئاستی عیراق و جیهان، بەرەو سەرکەوتنی یەکجارەکی.


جارێکی تر پیرۆزە 

مەکتەبی سیاسیی 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 
٣٠-٨-٢٠٢٥